لەبارەی چارەنوسی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان ڕوونکردنەوە دەدرێت

بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" بریاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان ئەو ئۆتۆمبێلانە ناگرێتەوە کە لەماوەی ڕابردوودا کۆدیان بۆ وەرگیرا". 

لیوا عەبدولقادر عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە (ناس کورد)ی ڕاگەیاند" بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕیارەکەی ماوەی ڕابردووی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش ئەو ئۆتۆمبێلانە ناگرێتەوە کە لەماوەی ڕابردوودا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ کۆدیان بۆ کراوە و فۆڕمیان پڕکردووەتەوە".   

وتیشی" ئەو ئۆتۆمبێلانە کە نزیکەی 20 هەزار ئۆتۆمبێلن نەک دەستیان بەسەردا ناگیرێت، تەنانەت سزاش نادرێن، بەڵکو بڕیارەکە ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە بێ سەرەتان و هیچ کۆدێکیشیان بۆ نەکراوە".   

هاوکات لەبارەی چارەنوسی ئەو ئۆتۆمبێلانە و پێدانی ژمارە پێیان، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێم ڕوونیکردەوە، داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە لەوبارەیەوە بڕیارێک بدرێت، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێکیان نەداوینەتەوە.  



AM:12:50:08/08/2021