بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان خەندەق لێدەدرێت
بریكاری وەزیری پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان لەسنوری زنجیرە چیاكانی حەمرین دەست بە لێدانی خەندق كراوە.
ئەنوەر حاجی عوسمان بریکاری وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە(باسنیوز)ی راگەیاند 'وەزارەتی پێشمەرگە لە سنووری گوندی مەلا عەبدوڵا و دەوربەری لەگەڵ ھۆزە عەرەبییەکان رێکەوتووە کە ھەردوو لایان ھێرش نەکەنە سەر سنووری یەکتری'.
وتیشی 'پێشمەرگە لەو سنوورانەی ئێستە تێیدا جێگیر کراوە، بستێک ناکشێتەوە و لەوەش زیاتر بەرنامەی نییە بەرەو پێشەوە بروا'.
ئەوشی ئاشکرا کرد 'لە ئێستادا لەو ناوچانە پێشمەرگە جێگەی سوپای عێراقی گرتووەتەوە و دەستکراوە بە لێدانی خەندەقێک بۆ ئەو مەبەستەی بتوانن رێگری بکەن لە تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی و نەیەڵن هیچ هێرشێک سنووری خاکی ھەرێمی کوردستان ببەزێنێت.
PM:02:35:02/07/2014