لەبارەی پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ زانیاری نوێ ڕاگەیەندرا

وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم رایدەگەیەنێت" بەگوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنانەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە پێیاندراوە، لەمساڵدا بەڕێژەی ١٠٠٪ خوێندنی ناو كەمپەس رادەگەیەنن". 

ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند" ئامادەكاریی تەواوكراوە بۆ دەسپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن، لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری كۆتایی لەبارەی دەسپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنەوە دەدرێت". 

وتیشی" لە ٢٥ی ئەیلولەوە دەرگای هۆڵەكانی خوێندن بە رووی خوێندكاراندا دەكرێتەوە".

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕوونیشیکردەوە، ئێستە دۆخەكە باشە و ئەو شەپۆلی دێلتا كۆرۆنایە كە هەبوو، ئێستە بەرەو هێواشبوونەوە دەچێت، بۆیە دەتوانرێت لەناو هۆڵەكانی خوێندن وانەكان بخوێنرێت.

ئارام محەمەد باسی له‌وه‌ش كرد، وەك حكوومەت بۆ ئەمساڵ پلانمان هەیە زۆرترین دەرچووی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی بە هەموو بەشەكانەوە لە زانكۆكان وەربگیرێن.



PM:05:19:21/08/2021