پێشمەرگەی زێرەڤانی لەسەر کەیسی کوژرانی (جوانڕۆی باڵەبان) ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لەسەر کەیسی کوژرانی (جوانڕۆی باڵەبان) ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لەسەر کەیسی کوژرانی جوانڕۆی باڵەبان، لەلایەن دادگا و دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکەوە داوای هیچ ئەفسەرێکی ئێمە نەکراوە بۆ ئەوەی لەبەردەم یاسا ئامادە بێت".

دەقی روونکردنەوەکە:

ڕوونکردنەوەیەک لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانییەوە

دوێنێ چوارشەممە کەسێک بەناوی پارێزەری کەیسی کوژرانی جوانڕۆی باڵەبان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە گوایە تۆمەتباری کەیسەکە ئەفسەرێکی زێرەڤانییە بە پلەی عەقید و دەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین دەستگیری بکەن، لێرەوە بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنین کە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی پارێزەرێکی سەرسەختی یاسایە و بەهیچ شێوەیەک لەلایەن دادگا و دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکەوە داوای هیچ ئەفسەرێکی ئێمە بەو پلەیە یان هەر پلەیەکی دیکە سەبارەت بەو کەیسە نەکراوە بۆ ئەوەی لەبەردەم یاسا ئامادە بێت، هەرکاتێکیش داوایەکی وا هەبێت بێ دواخستن جێبەجێ دەکرێ هەروەک لە پێشووتردا چەندین حاڵەتی داواکاری دادگا هەبووە و لەلایەن فەرمانگەی یاسایی زێرەڤانییەوە بە ڕێوشوێنی یاسایی و سەربازی، داواکراو ڕەوانەی دادگا کراوە ئیجرائاتی پێویست وەرگیراوە.

فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی
٢-٩-٢٠٢١



PM:08:03:02/09/2021