وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڕیاری دا کە سەرجەم سەنتەر و بنكەكانی پێدانی ڤاكسین لە شار و قەزا و ناحیەكان بۆ ماوەی یەك هەفتە تایبەت بکرێت بە پێدانی ڤاكسین بۆ مامۆستایان.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیاردرا سەرجەم سەنتەر و بنکەکانی پێدانی ڤاکسین لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە و ناوشار و قەزا و ناحیەکان بۆماوەی یەک هەفتەی تەواو لە ڕێکەوتی ٧ی ئەیلول تاوەکو ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢١ تایبەت بکرێن بە پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان بەمەبەستی تەواوکردنی سەرجەم مامۆستایان بە وەرگرتنی ڤاکسین پێش کردنەوەی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.
تەندروستی هەرێم داواش لە مامۆستایان دەکات، کە بەپەلە هەر ئەمڕۆ خۆیان لە سیستەمی ئۆنڵاینی وەرگرتنی ڤاکسین تۆمار بکەن.