وادەی یەکەم شەپۆلی بارانبارینی پایزە و بەفر لە هەرێمی کوردستان راگەیەندرا

شارەزایەكی بواری كەشناسی پێشبینی دەکات لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەفر لە بەشێک لە چییاکانی باکوری کوردستان و ئێران و تورکیا ببارێت، کە ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و ئەگەر هەیە لە ناوچە شاخاوییەکان باران ببارێت.  

سیروان ساڵح، شارەزای بواری کەشناسی لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیویەتی" کۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەهۆی کاریگەری تۆپەڵە هەوایەکی ساردی جەمسەرییەوە لە بەشێكی چیاکانی باکووری کوردستان و باکووری تورکیا و باکووری ئێران ئەگەری بەفربارین هەیە و هەروەها ئەگەری بارانێکی زۆر هەیە لەو ناوچانە". 

دەشڵێت" ئەو تۆپەڵە هەوا جەمسەریە لەبەر ئەوەی بەسەر دەریای ڕەشەوە تێدەپەڕێت و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیش دەگرێتەوه ئەگەر هەیە بڕێک شێ بهێنێتە چیاکانی هەرێمی کوردستان و ئەگەری بارانبارین هەیە لە ناوچه شاخاوییە سنورییەکانی باکووری سلێمانی و هەولێر و دهۆك و پلەکانی گەرمی بەڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و دوور نییە لە لوتکە چیاکانی حەساڕۆست و هەڵگورد بڕێکی کەم بەفر ببارێت". 

ئەو کەشناسە باسی لەوەشکردووە کە، له ناوچەکانی گەرمیانیش بەتەوای پلەکانی گەرمی دێنە خوارەوەو لە ناوەڕاستی پلەی سییەکان جێگیر دەبن و بەشەوان هەست بە سەرما دەکرێت.


AM:09:02:21/09/2021