گەمارۆی ئەمنی سەر ماڵی لاهور جەنگی توند دەکرێتەوە

دوای چەند رۆژێک لە سووکردنی گەمارۆدان و کەمکردنەوەی خاڵە پشکنینەکانی دەوری گردی سەرچنار، ئەمڕۆ سێ شەممە جارێکی تر گەرمارۆی سەر گردی سەرچنار کە ماڵی لاهور جەنگی لێ یە توندکرایەوە.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " کە لە رێگای پەیامنێرەکەیەوە لە سلێمانی دەستی کەوتووە لە بەیانی ئەمڕۆوە جارێکی تر گەرمارۆی سەر ماڵی لاهور جەنگی توندکراوەتەوەو جگە لە گەرانەوەی خاڵی پشکنینەکانی پێشوو، خاڵی تریش زیاد کراوە.

ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی زانیارییەکانی" سپی " بەبۆنەی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، هەفتەی رابردوو گەمارۆی سەر ماڵی لاهور جەنگی لە گردی سەرچنار کەمێک سووکر کرا.

تا ئێستا هۆکاری توندکردنەوەی گەرمارۆکە نەزانراوەو، زانیاری جیا جیا لەو بارەیەوە هەیە، هەندێک زانیاری ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لاهور جەنگی لە بەرنامەیدایە کۆڕی جەماوەری سازبکات، لەلایەکی تریشەوە هەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن کە سەرلەنوێ گەمارۆ توندکردنەوەی سەر ماڵی لاهور دەگەڕێتەوە بۆ لێدوانە توندانەی چەند رۆژی رابردوو خۆی و پەیجەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی دژی ماڵی تاڵەبانی بڵاویکردوونەتەوە. 




PM:05:36:21/09/2021