لە دیدارێکی ئەمنیدا کە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی پارێزگای سلێمانیدا کۆبووەوە، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە" چاودێریکردنی ژیانی خەڵک لەڕێگەی تەلەفۆن و هۆكارە تەكنەلۆجییەكانەوە هێڵی سوورە".
دوێنێ بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی حکومەت لە پشکی یەکێتی کەل لەگەڵ هەریەک لە خەسرەو گوڵ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و هیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی کۆبوەوە، رایگەیاندبوو" "لای یەکێتی ئاسایش و ژیان و کاروکاسبی خەڵک هێڵی سوورە و نابێت بەهیچ شێوەیەک لەبەرامبەر تاوانکاران و پێشێلکارانی یاسا لێبووردە بن و دەبێت رادەستی یاسا بکرێن، ئێمەش بەهەموو شێوەیەک پشتیوانتان دەبین". هەروەها لەو دیدارەدا کە میدیاکانی یەکێتی بڵاویان کردبوەوە، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندبوو "لەمەودوا بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین دەزگا ئەمنییەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکاربهێنرێن و تێکەڵ بە کێشە کەسیی و سیاسییەکان بکرێن".
ئەو قسانەی کە بافڵ تاڵەبانی لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەر چاودێریکردنی تەلەفوناتی خەڵک درکاندوویەتی، لەناو خەڵکدا وا لێکدەدرێتەوە کە ئەو دەزگایانە پێشتر چاودێری ژیانی تایبەتی هاوڵاتیان و کەسایەتییە سیاسییەکانیان کردووە.