ئەمڕۆ پێنجشەممە ماڵپەڕی زانکۆلاین کاراکرا و خوێندكارانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەتوانن لەو رێگەیەوە فۆڕمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەمڕۆوە ڕۆژى پێنجشەمە كه ده‌كاته ڕێكه‌وتی (2021/9/30) له کاتژمێر (12)ی نیوەڕۆوە وێبسایتی (
www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی، تا کاتژمێر (12)ى شەوى ڕۆژى (2021/10/9) واتە بۆ ماوەى (10) ڕۆژ کارا دەبێت، به‌وه‌ش ده‌رچوانی پۆلی (12)ی ئاماده‌یی لەو ماوەیە ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وه‌و پێشكه‌شی بكه‌ن.
ئەوەش هاتوە، ده‌رچوان ده‌بێ بەبەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) كە پێشتر له خوێندنگەکانیان وه‌ریانگرتۆته‌وه فۆرمی وه‌رگرتن پڕبكه‌نه‌وه. هەروەها سەبارەت بەژمارەى دەرچووانى پۆلی دوانزەى ئامادەیى کە ناوەکانیان لە وەزارەتى پەروەردە بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕەوانە کراوە بریتیە لە: (63325) دەرچو.
وەزارەتى خوێندنى باڵا ئەوەشی خستوەتەڕو، بۆ به‌رچاوڕونی زیاترى ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌و ئاشنابونیان به‌سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن لەسەر وێبسایتى (www.regayzanko.com) ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەهاش دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنیه‌تی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن به‌سیستمه جیاوازه‌كان، کە ئه‌مه‌ش ده‌ره‌فه‌تێكی گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی دەرچوان به‌ر له‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن پێشكه‌ش بكه‌ن و ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە، و ڕو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەکەنەوە.
سەبارەت بە هەبونى پەیج و ئەکاونت بەناوى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن، وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایدەگەیەنێت ستافى وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن یان هەر ناوێکى دیکە، بەڵکو تاکە مینبەرى گەیاندنى ڕێنماییەکانى لەڕیگەى سایت و پەیجى فەرمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە.