كاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری كەركوك رایدەگەیەنێت" شەوی رابردوو لەبەر بونی پۆستەرێکی ئێمە لەسەر یەکێک لە دوکانەکانی نێو گەڕەکی پەنجا عەلی دوکانەکە سوتێندرا".
شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بەداخەوە ماوەیەکە کەسانێکی نەفسنزم لە تاریکیی شەواندا خەریکن زەرەر لە پۆستەرەکانی ئێمە دەدەن، ئەوە بەلای ئێمەوە گرنگ نییە، بەڵام ئەوەی ئەمشەو کراوە، جیاوازە، چونکە دووکانێکیان سووتاندووە کە وێنەی ئێمەی پێوەیە''.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەمە دیاردەیەکی تازەیە و بوونی گرفتی ئەمنی لەم شارەدا نیشان دەدات کە نەتوانراوە ئەمنییەتی هەموو ناچەکان بپارێزرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا ڕاشیگەیاند" شوێنی ئێمە لەم شارە دیارە و هاتنەوەمان بەدزییەوە نەبووە، ئەگەر خەڵکێک جورئەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێمە هەیە، ئەوە شوێنی ئێمە دیارە".
ئەوەشی خستەڕوو: لە دەستبردن بۆ سەر و ماڵی کادیران و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هیچ شێوەیەک خۆش نابن و ئەوەی ئەو کارەی کردووە بە سزای یاسایی خۆی دەگەیەنن.
جەختیشیکردەوە: کە ئەوەی ئەم کارەی کردووە لە دەنگ و ڕەنگی پارتی دەترسێت، لەو پێشوازییە گەرمەی جەماوەری کەرکووک دەترسێت کە ڕووی لە پارتییە.