سەرۆكایەتی هەرێم وەڵامی قەرەیلان دەداتەوە
وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە هەڕەشەكانی داعشو چەكدارە توندڕەوەكان لەدژی خاكو خەڵكی رۆژئاواو لێدوانەكانی موراد قەرەیلان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە.
دەقی روونكردنەوەكە:
سەبارەت بە هەڕەشەكانی داعش و چەكدارە توندڕۆییەكان لەدژی خاك و خەڵكی ڕۆژئاوا و لێدوانەكانی موڕاد قەرەیلان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە لەمبارەیەوە، هەڵوێستی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتاوە ڕوون و ئاشكرا بووە و جەختی لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان لەم بەشەی كوردستاندا كردووەتەوە. هەموو بستێكی خاكی كوردستان پیرۆزە و دەبێ لە هەڕەشەی دوژمن و نەیاران بپارێزرێت.
هەر لەسەرەتای قەیرانی سووریاوە هەرێمی كوردستان پشتگیریی مافە ڕەواكانی گەلی كوردی كردووە و بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدا بوو بۆ یەكخستنی ڕیزەكانی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەر و پێشهات و هەڕەشەیەك گەلی كورد پێویستیی بە یەكڕیزی هەیە. دیسانەوە دووپاتی دەكەینەوە با هەموو كوردەكانی ڕۆژئاوا پێكەوە بن بە گشت لایەك پشتگیرییان دەكەین. بە دڵنییاییەوە تەنیا لە یەكڕیزی و برایەتیدا كورد بەهێزتر دەبێت و سەردەكەوێت. ئێستایش بە خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوا ڕادەگەیێنین كە هەرچی پێویست بێ و لەدەستمان بێت ئامادەین لەپێناو پشتگیرییان بیكەین.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
6ـی 7ـی 2014
PM:05:50:06/07/2014