لەبارەی دابینکردنى غازى ماڵان و غازى شل بۆ فڕن و نانەواخانەکان بۆ سنوورى شاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە پارێزگای هەولێر ئەنجام درا.
ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە دابینکردنى غازى ماڵان و غازى شل بۆ فرن و نانەواخانەکان بۆ سنوورى پارێزگاى هەولێر لەگەڵ نوێنەرى وەزارەتى سامانە سروشتیەکان و بەڕێوەبەرى نەوت و کانزاکانى هەولێر و نوێنەرى کۆمپانیاى ساوث کوردستان ئەنجامدرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەنجووومەنی پارێزگای هەولێر ئەوەشی خستەڕوو: لە کۆبوونەوەکەدا ئالیەت و میکانزمێکى تایبەت دیاریکرا بۆ چۆنیەتى دابینکردنى بڕە غازى شلى پێویست بۆ سنوورى پارێزگاى هەولێر و گەیاندنى غاز بە هاوڵاتییان و نانەواخانە و فڕنەکان، لەوبارەیەشەوە تەئکیدى لەوەکرایەوە کە لە ئێستادا بڕى پێویستى غازى ماڵان گەیشۆتە شارى هەولێر و نرخى هەر بوتڵێک غازێکى حکومى و تایبەتیش نابێت لە هەشت هەزار و پێنج سەد دینار زیاتر بێت.