شارەزایەکی بواری کەشوهەوا پێشبینی دەکات، ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو یەکەم بارانی پایزە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند" رۆژی چوارشەمە ١٣-١٠-٢٠٢١ یەکەم بارانبارینی ئەمساڵ لە ناوچەکە دەستپێدەکات کە لە کاریگەرییەکی لاوازی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سور پێکدێت، بەڵام باران بارینەكە بە گشتی زیاتر بەشێوەی نمە بارانی پچڕ پچڕ ئەبێت لە ھەندێ کات و ناوچەدا".
ئەوەشی خستۆتەڕوو: لە ھەندێ ناوچەدا رێژەی بارانەکە زیاتر ئەبێت و ھەورە بروسکەی لەگەڵ ئەبێت بەتایبەت لە سەر ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر لەبەر ئەوەی چەقی نزمەپاڵەپەستۆکە پێشبینی ئەکرێت لەسەر ئەم ناوچانە زیاتر جێگیر ببێت بەڕاورد بەناوچەکانی دیکەی ھەرێم ئەگەری چربوونەوەی ھەور و بارانبارینی زیاتر ئەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە: تا رۆژی ھەینی ١٥-١٠، کۆتایی ئەم ھەفتەیە کاریگەری ئەو نزمەپاڵەپەستۆیە بەشێوەیەکی لاواز بەردەوامی ئەبێت لەسەر ناوچەکە و ئاسمانی ھەرێم بە زۆری ئەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەورو ھەوری تەواو لە ھەندێ کاتدا.