قوباد تاڵەبانی: ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە کە خەڵک نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن و بیاننێرن بۆ بەغداد

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە كە خەڵك نوێنەرانی خۆی بۆ بەغداد بنێرێت و ڕۆژێكی گرنگە".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان ئەمڕۆ لە ناوەندی ڕەوشەن بەدرخان لە سلێمانی بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد و دواتر لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لەسەرەتاوە تاوەکو ئەمڕۆ بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو و ئەمڕۆش رۆژێکی پیرۆزە بۆیە هیوادارم هەموو کەسێک دەنگ بدات".

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە کە خەڵک نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن و بیاننێرن بۆ بەغدا، زۆرینەی کێشەکانی ئێمە لەوێن، بۆیە پێویستە نوێنەرایەتییەکی بەهێزمان هەبێت.

لە كاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆ لە عێراق و ھەرێمی كوردستان دەرگای ناوەندەكانی دەنگدان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنەكانی پێشوەختەدا، كرانەوە، بڕیارە پرۆسەكە تا كاتژمێر ٦:٠٠ ئێوارە بەردەوام بێت. 

٢٣ ملیۆن و ٩٨٦ هەزار و ٧٤١ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، هاوکات سێ هەزار و ٢٢٦ کاندیدیش کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن.



AM:09:12:10/10/2021