مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی ١١ی پارتی ئەنجامی هەڵبژاردنی لە بازنەی چواری سلێمانی ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت" سکاڵا تۆماردەکەین".
مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی (١١) ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی ڕاگەیندراوەکەی کۆمسیۆن کاندیدی پارتیمان لە بازنەی چواری سلێمانی ناسکە عبدوڵا ١١٧٤٢ دەنگی بە دەست هیناوە.
ئاماژەى بەوەشکردووە" ئێمە ئاماری تەوای ئەنجامی هەڵبژاردنی گشتیمان لەبەردەستە کە بریکارەکانمان لە بنکەکانی دەنگدان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن وەریان گرتووە تەنها لە هەڵبژاردنی گشتیدا ١٣٤١٦ دەنگمان بەدەستهێناوە".
ئەوەشی خستەڕوو: ئەم ئەنجامەی كه کۆمسیون ڕایگەیاند بە هەڵە تۆمارکراوە یان دەستێکی لە پشتە، بە تەواوی ڕەتیدەکەینەوە.داواکارین کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن پێداچوونەوە بەڕاگەیاندنی ئەم ئەنجامەدا بکات، بۆ ئەم بابەتە ئێمە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین.