حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، رۆژانه ٥٤٠ هه‌زار لیتر به‌نزین له‌به‌غداوه ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت و له‌رۆژێكدا زیاد ده‌كرێت و به‌نرخی ٦٩٠ دیناریش بۆ هه‌ر لیترێك ده‌فرۆشرێته هاوڵاتیان".
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، "له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌می به‌نزین، دوێنێ یه‌كشه‌ممه بڕی ٥٤٠ هه‌زار لیتر به‌نزین گه‌یشته وێستگه‌كانی هه‌ر چوار پارێزگای هه‌رێمی كوردستان و له‌م دو ڕۆژه‌شدا ئه‌و بڕه بۆ دو به‌رامبه‌ر زیاد ده‌بێت".
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، "به پێی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ردو وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێم و عێراق، ده‌بو ئه‌م بڕه به‌نزینه له ڕێكه‌وتی دیاریكراوه‌وه بگاته كوردستان، به‌ڵام له رۆژی ٣٠ی ئه‌یلول تا ٢٣ی ئه‌م مانگه هیچ لیتره به‌نزینێك نه‌نێردرا و ئه‌مه‌ش هۆكار بوو بۆ كه‌می به‌نزین و گرانتربونی به‌هاكه‌ی، به‌ڵام ئێستا نیو هێنده‌ی بڕی ڕێككه‌وتن له‌سه‌ركراو ده‌نێردێت كه بڕیار وایه به‌مزوانه به ته‌واوی ڕێككه‌وتننامه‌كه جێبه‌جێبكرێت و 1 ملیۆنێك و هه‌شتا هه‌زار بگاته هه‌رێم و به‌سه‌ر به‌نزینخانه‌كاندا دابه‌شبكرێت".
پێنج ته‌نكه‌ری بۆ هه‌ر یه‌ك له پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی و سێ ته‌نكه‌ری بۆ پارێزگای دهۆك و دو تهنكهریشی بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ده‌بێت.
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بهوهكردوه، "هیچ به‌نزینخانه‌یه‌ك كه به‌نزینی نۆرماڵی حكومه‌تی وه‌رگرت، نابێت به‌نزینێكی دیكه‌ی نۆرماڵ بفرۆشێت، به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌نزینه حكومییه ئۆكتانبهرزهكه تێكه‌ڵ ناكرێت به به‌نزینی دیكه‌ی نۆرماڵ، هه‌روه‌ها به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستكاری به‌های به‌نزینه‌كه ناكرێت و به شێوه‌ی لافیته به ئاشكرا به‌ها حكومییه‌كه‌ی دیاری كراوه".