بەیانی ئەمڕۆ شەممە بە پێنجەم ڕۆژ لەسەر یەک خۆپیشاندانی دەرچوانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی لە شاری سلێمانی و چەند ناوچەیەکی تری هەرێمی کوردستان دەستپێکردەوە.
پەیامنێرمان لە شاری سلێمانی پێی ڕاگەیاندین، بەیانی ئەمڕۆ بەشێك لە دەرچوانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی لە دژی نەهاتنەوەی ناوەکانیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان گردبونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.
ئەوەشی خستەڕوو: بەوتەی دەرچوانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی ئەوان نمرەی بەرزیان هێناوە، بەڵام یان ناویان نەهاتۆتەوە یاخود ئەو بەشەی بۆیان هاتۆتەوە لەئاست نمرەكانیان نیە.
وتیشی" خوێندکاران داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەكەن چارەسەركردنی كێشەكانیان بکەن".
ئێوارەی دوێنێ عەبدولسەلام دۆلەمەری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمان کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، سەرجەم ئەو خوێندکارانەی كە نمرەكانیان لە (٩٩) بەسەرەوەیە و بەهۆی كەمی ژمارەی پلانەوە لە كۆلێژی پزیشكی گشتی ناویان نەهاتبوەوە دابەش دەكرێن بەسەر كۆلێژە پزیشكییەكانی كوردستاندا.