حاکم شێخ لەتیف: خوێندنی پارالێل پێچەوانەی یاسایە


پسپۆری بواری یاسایی، حاکم شێخ لەتیف مستەفا لەسەر سیستەمی پارالێڵ دەڵێت" پارالێل پێچەوانەی یاسایە و جیاکاریشە لەنێوان خوێندکاراندا  . " 

لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، حاکم شێخ لەتیف مستەفا نووسیوویەتی" ئەوەی ناویان ناوە پارالێڵ، کە قوتابی لە زانکۆی حکومی بەپارە بخوێنێ :پێچەوانەی دەستوری عێراقە وەک باڵاترین یاسا لەعێراقدا چونکە لەمادەی ٣٤ دەڵێ دەبێ خوێندن لەھەموو قۆناغەكان بەخۆرایی بێت، ھەموو قۆناغەکان بەڕەھایی ھاتوە بە قۆناغی زانکۆشەوە".

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕوو کە جیاکاریە لەنێوان قوتابیاندا ، ھەمان کۆلێج و بەش لانی کەمی نمرەی پێویست بۆوەرگرتن جیاوازیان ھەیە ، بێ پارەکە نمرەی بەرزتر وەردەگرێ ئەوەش جیاکاری و غەدریشە لە خوێندکار. 

ئەو دادوەرە دەشڵێت "ئاساییە زانکۆو کۆلێجی ئەھلی ھەبن لەدەرەوەی زانکۆو کۆلیجە حکومیەکان کە ھەموو ئەوانەش ھی بەرپرسانی حیزبەکانن، بەلام نائاسایی و نادەستوری و نایاساییە ، کورسی خوێندنی زانکۆیی حکومی کە قاعەو مامۆستاو ھەمووشتێکی ھی حوکمەتەو حوکمەت خەرجیەکانی دابین دەکات بەپارەبێ ، ئەو کورسیانە بۆچی بەپارە ھەن بۆچی بێ پارە نین، لەراستیدا ئەوە سیستەمی پارەو بازرگانی و غەدرو جیاکاریە لەژێر ناوی پارالێلدا".

لە کۆتاییدا حاکم لەتیف مستەفا دەڵێت "وەزیرە جیاجیاکانی خوێندنی باڵا بەرپرسیارن لەو سەرپێچی و بەبازرگانیکردنی خوێندن و دابەزاندنی ئاستەکەی، ھەندێکیان بەوە نەوەستاون لەماوەی چوارساڵی وەزیری خۆیاندا زانکۆی ئەھلیان دروست کردو خۆشیان بوون بەشەریک تیایدا، زانکۆ حکومیەکانیشیان تێکداو کردیانن بە بازرگانی غەدرو پارە".




PM:10:53:31/10/2021