هه‌ردوو وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و ته‌ندروستی هەرێم له‌سه‌ر گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی ڕوونکردنەوەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، سه‌باره‌ت به‌بوونی جۆره كرمێك له‌ناو به‌رھه‌می مۆز و دەڵێن" دوای به‌دواداچوون ده‌ركه‌وت هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر میوه‌ی جۆری مۆز و سه‌رجه‌م ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی به فه‌رمی هاورده ده‌كرێن نییه".
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه وه‌زاره‌ته‌كانی كشتوكاڵ و ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له روونكردنه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدا رایانگه‌یاند" بەهۆی بڵاوبونەوەی تۆمارێکی ڤیدۆیی لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا سەبارەت بەبونی جۆرە کرمێک لەناو بەرھەمی مۆز گوایە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکی ترسناکە، دوای بەدواداچونی هاوبەشی هەردو وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی تەندروستی دەرکەوت کەوا ھیچ حاڵەتێکی لەم شێوەیە یان ئەم جۆرە بەرهەمانەی مۆز لە ھەرێمی کوردستان بونی نیە".
ئاماژەیان بەوەشکردوووە: هیچ نەخۆشیەک تۆمارنەکراوە بەڵکو ئەم ڤیدیۆیە لە وڵاتانی دیکەی دەرەوەیە و لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی بیانی پێشتر بڵاوبوەتەوە.
دەشڵین" ھاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە لە سەلامەتی جۆرەکانی ئەم بەرهەمانە و نەبونی هیچ نەخۆشیەکی پەیوەندار بەم بابەتە لەگەڵ بەردەوامبونی بەدواداچون لەپێناو تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتیان".