ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ئەنجومەنی وەزیران بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی جێرگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە تاوتوێ دەکرێت:
یەکەم: خستنەڕووی ڕەشنووسی (پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان لە هەرێمی کوردستان - عێراق) بە میوانداریی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان.
دووەم: خستنەڕووی بابەتی وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢١ - ٢٠٢٢ ، و چارەسەری زیادبوونی ژمارەی دەرچووان کە تێکڕای نمرەی بەرزیان بەدەستهێناوە لە تاقیکردنەوەی وزاریی ئامادەییەکان و توانای سنوورداری زانکۆ و پایمانگاکان بۆ وەرگرتنی دەرچووان بەپێی داخوازی خۆیان.
سێیەم: خستنەڕووی بابەتی قەرەبووکردنەوەی زیانی هاووڵاتیان لە ئەنجامی لافاوی ڕۆژی ٢٠٢١/١٠/٣٠ و ڕاسپاردنی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ڕوودانی ئەو زەرەر و زیانانە و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان.