ئێران هەڕەشەی هاوکاریکردنی دوژمنانی کوردستان دەکات
ئێران سەركرایەتی كورد ئاگادار دەكاتەوە لە هەر هەنگاوێک بەرەو جیابوونەوە لە عێراق خاڵە سنوورییەکانی خۆی دادەخاتو هاوكاری دوژمنانی كوردیش دەكات.
رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی لەزاری سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی ئێرانیەوە بلاویکردووەتەوە، حەسەن دانای فەڕی باڵیۆزی ئێران لە عێراق، لە سلێمانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح و قوباد تاڵەبانی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و نەجمەدین کەریم لە یەکێتی و نەوشیران موستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەتەوە. گفتوگۆکان دوو تەوەرەی سەرەکی بوون، یەکەمیان پێویستی هاوکاریکردنی حکومەتی عێراقی بۆ کۆتایهێنان بە داعش و گێڕانەوەی دۆخەکە بۆ بەر لە هاتنی داعش، تەوەری دووەمیش هۆشداری دان بووە لە هەر هەنگاوێک بۆ جیابوونەوە.
سەرچاوەکە باس لە پەیامی ئێران بۆ کورد دەکات پەیامێکی تووند و بەهێز و یەکلاکەرەوەبووە، ناڕەزایەتی تووندی ئێرانیشی پێگەیاندووە بۆ جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی و داواشیان لە لایەنەکانی سلێمانی کردووە هەڵوێستێکی روونیان هەبێت لەو بوارەوە و دەستووری عێراقیش مافی چارەی خۆنووسینی داوە بە کورد ئەویش فیدراڵییە لە چوارچێوەی عێراق.
ئێران دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بە هێلی سوور دەزانێت و بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ناکات، بە سەرکردەکانی سلێمانیشی راگەیاندووە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆکارێک کە بارودۆخی و کەشێکی سیاسی وا دروست بکات، هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران. سەربەخۆی کوردی عێراق کاریگەری دەبێت لەسەر دۆخی کوردانی ئێران.
PM:05:18:09/07/2014