شاسوار عەبدولواحید: فەرموون ئەوە نۆ كورسیەكەی ئێمە، بەڵام ئێوە چی بۆ خەڵكی دەكەن؟

‌شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت" یەکەم جارە لە دوای روخانی رژێمی سەدامەوە ئەگەر هەر هێزێک بێت و لەگەڵمان دابنیشێت، پێی دەڵێین فەرموون ئەمە نۆ کورسیەکەی ئێمە، بەڵام ئێوە چی بۆ خەڵک دەکەن؟". 

شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە ناونیشانی (بۆ مێژوو) ئاماژەی بەوەکردووە" یەکەم جارە هێزێکی سیاسی نۆ کورسی پەرلەمانی عێراق بهێنێت و بە ئاشکرا و راستەوخۆ بە هەموو هێزە کوردی و عێراقییەکان رایبگەێنێت کە هیچ پۆست و وەزارەتێکی ناوێت، بەڵکو دەڵێت فەرموون ئەمە ٩ کورسییەکە، بەڵام ئێوە چی بۆ کورد و چی بۆ خەڵک دەکەن؟".

دەشڵێت" یەکەم جارە لە مێژوی نوێی عێراق و لە دوای روخانی رژێمی سەدامەوە ئەگەر هەر هێزێک بێت و لەگەڵمان دابنیشێت، پێی دەڵێین فەرموو ئەمە ٩ کورسیەکەی ئێمە ، بەڵام چی بۆ خەڵک و هاوڵاتییان دەکەن؟ چونکە خۆمان هیچمان ناوێت، پێشتر هەموو گفتوگۆ و دانیشتەکان بریتی بوون لە داواکردنی پۆست و وەزارەت، بریتی بووە لە پێدانی کورسی پەرلەمان بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی حکومی و وەزارەت و بەرژەوەندی تاکەکەسی و حیزبی". 

سەرۆکی نەوەی نوێ ئەوەشی خستەڕوو: ئێستا دانی پێدا بنرێت یاخود نا، بەڵام رەنگە ٢٠ ساڵی تر بوترێت کە دروستبونی نەوەی نوێ، شێواز و شکڵی سیاسەتکردن و حیزبایەتی لە هەرێمی کوردستان گۆڕی. حیزب و حیزبایەتی لە بارەگای زۆر و ئەندام و کادیر و مەکتەب سیاسی زۆر و بەرژەوەندی تاکە کەسی و پۆست و وەزارەتەوە، بۆ داواکردنی مافی خەڵک.



PM:10:10:05/11/2021