سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر ھەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بەڕێوە نەچێت، دەبێت پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە".
ئارام برادۆستی، سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند" بەپێی یاسا دەبێت ھەتا ٦/١١/٢٠٢٢ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت و تا سەرەتای مانگی ئەیلوولیش سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رۆژی ھەڵبژاردن دیاری بكات، بە پێچەوانەوە ئەگەر ھەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچێت، پێویستە پەرلەمانی كوردستان تەمەنی ئەم خولەی درێژ بكاتەوە".
سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێم ئاماژەی بەوەشکرد" ئەگەر لایەنەكان بگەنە رێككەوتن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا، ئەوە كۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان توانای ھەیە خۆی بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن ئامادە بكات".
لەبارەی ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكان، برادۆستی باسی لەوەکرد: ژمارەیەك پێشنیاز كراون بۆ ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكان، زۆر جار باس لە یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەكرێت، بەڵام یاسای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان زیاتر عەدالەتی تێدایە، بە تایبەتی بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی پەرلەمان چەندین پێشنیاز كراون كە ھەڵبژاردن بە لیستی داخراو بەڕێوە بچێت و ھاوشێوەی خولی یەكەم و دووەمی پەرلەمانی كوردستان، كەسانی شایستە بچنە پەرلەمان، نەك كەسانێك تەنیا بۆ كۆكردنەوەی دەنگ كاندید بكرێن.