یەکێتی نوێترین هەڵوێستی خۆی لەسەر پارێزگاری کەرکووک ڕاگەیاند

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی دەڵێت "پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەدوای ڕووخانی بەعسەوە هی کوردە و لە ناو کوردیشدا هی یەکێتییە."

ئەمڕۆ شەممە بەرواری ١٣ی تشرینی دووەم، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی،  ڕەوەند مەلا مەحمود، بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند "یەکێتی بڕیاریداوە کەرکوک بکاتە سێ مەڵبەند، مەڵبەندی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات و ناوشاری کەرکوک، هەر سەرکردەیەکیش لەکۆنگرەدا لەسەر کەرکوک دەنگی هێنابێت، دەبێت لەکەرکوک ئەرکێک بگرێتە ئەستۆ بۆ باشکردنی دۆخی شارەکە." 

 

ڕەوەند مەلا مەحمود لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش دەڵێت "پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەدوای ڕووخانی بەعسەوە هی کوردە و لە ناو کوردیشدا هی یەکێتییە، لەهەموو هەڵبژاردنەکانیشدا یەکێتی دەنگی یەکەمی هێناوە، بۆیە ئەو پۆستە هی یەکێتییە."

 

لەبارەی داواکردنی پۆستەکەش لەلایەن پارتییەوە،  ناوبراو باسی لەوەکردووە، "پارتی هیچ بابەتێکی جدی لەسەر کەرکوک نییە، هەر بابەتێکی هەبێت، پلانێکی لە پشتە، چونکە ئەوان هۆکاربوون بۆ بەدەست نەهێنانەوەی پۆستی پارێزگار و هەماهەنگی یەکێتییان نەکرد". 

 

وتیشی "پارتی لە ٢٠١٨ ەوە کەرکوکی بایکۆت کردووە، ئێستا گەڕاونەتەوە و بێ هیچ پاساوێک داوای پۆستی پارێزگار دەکەن، بابەتەکە تەنها قسەیە، بۆیە پێموانییە پارتی پلانی جدی هەبێت بۆ کەرکوک." 

ئەو بەرپرسە جەختیشیکردووەتەوە، کەرکوک زۆرینەی کوردە، هەر بابەتێکی ئیقلیمی دروست ببێت، غەدرێکی گەورەیە لە کورد، چونکە عەرەب و تورکمان نەیانتوانیوە لە دوو کورسی و سێ کورسی زیاتر بهێنن، لەکاتێکدا کورد هەندێکجار سەرووی 7 کورسیشی هێناوە. 

 

ئەمە لەکاتێکدایە  کە ماوەی چوار ساڵە هێزە عێراقیەکان کەرکوکیان کۆنترۆڵ کردووە، پارێزگاکە لەلایەن ڕاکان جبوریەوە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت، کە پێشتر جێگری پارێزگار بوو لەسەر پشکی عەرەبی سونە.




PM:09:14:13/11/2021