نەوەی نوێ: هەرێمى کوردستان بکرێت بە چوار بازنەى هەڵبژاردن و هەر پارێزگایەک بازنەیەک بێت

لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی‌ کۆمسیۆنی‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردن نەوەی‌ نوێ رایدەگەیەنێت" پێویستە ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان کەم بکرێتەوە بۆ (١٠٧) کورسىی و ژمارەى کورسییەکانى پێکهاتەکانیش کەم بکرێتەوە بۆ حەوت کورسى".  

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر یاسای‌ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات" سەبارەت بە بابەتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و کاراکردنەوەى کۆمسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردن و راپرسى هەرێمى کوردستان، جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژارداندایە لەوادەی خۆى و هاوکات لەگەڵ کۆمسیۆنێکى سەربەخۆ و بێلایەن و پیشەیین دور لە پشکپشکێنەی حیزبی، کە بتوانێت لە ئاست ئەم قۆناغە و سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد بێت". 

لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا نەوەى نوێ کۆمەڵێک پێشنیاز لەسەر یاساى هەڵبژاردنەکان و هاوکات کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان دەخاتە روو دەڵێت" تەواوى ئەو پێشنیازانە لە بەرژەوەندى خەڵک و پرۆسەیەکى خاوێنى هەڵبژاردن و پەرلەمانێکى بەهێزە".

تێبینی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تایبەت بە یاساى هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان: 

یەکەم: هەرێمى کوردستان بکرێت بە چوار بازنەى هەڵبژاردن و هەر پارێزگایەک بازنەیەک بێت.  

دووەم: ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان کەم بکرێتەوە بۆ ١٠٧ کورسى.  

سێیەم: ژمارەى کورسییەکانى پێکهاتەکان کەم بکرێتەوە بۆ ٧ کورسى، بەم شێوەیە:  

سلێمانى :  

یەک کورسى مەسیحى.  

یەک کورسى تورکمان (گەرمیان)

هەولێر :  

دوو کورسى مەسیحى.  

دوو کورسى تورکمان.  

دهۆک :  

یەک کورسى مەسیحى.  

چوارەم: پێکهاتەکان لیستی تایبەت بە خۆیانیان دەبێت و تەنها هاوڵاتییانی ئەو پێکهاتانە بۆیان هەبێت دەنگ بدەن بە لیستى خۆیان،وە تۆمارى دەنگدانى خۆیان جیاواز بێت و هاوڵاتی دەرەوەی پێکهاتەکان بۆیان نەبێت دەنگ بدەن بە لیستی پێکهاتەکان.  

پێنجەم: دەنگدان بەشێوەی ئەلیکترۆنى و بایۆمەترى دەبێت و، تەنها ئەوانە دەنگ دەدەن کە کارتى بایۆمەترییان هەیە.  

شەش: بژاردنى دەنگەکان بەشێوەى ئەلکترۆنى دەبێت و دواتریش کاتى داخستنى سندوقەکان تەواوى سندوقەکانى دەنگدان بەدەست دەژمێردرێتەوەو، بەراورد دەکرێتەوە لەگەڵ ژمارەى دەنگە ئەلکترۆنىەکان.  

حەوتەم: پێویستە لەماوەى ٢٤ کاتژمێردا ئەنجامى بەرایى هەڵبژاردنەکان رابگەیەندرێت.  

هەشتەم: پێویستە لەماوەى دوو هەفتەدا ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنەکان رابگەیەندرێت و هەروەها یەک بەیەکى فۆرمی دەنگدان بەراورد دەکرێتەوە بە پەنجە مۆر و هەموو دەنگە دووبارەکان رەت دەکرێنەوە.  

نۆیەم: کاتژمێر ٦ى ئێوارە سندوقەکانی دەنگدان دادەخرێن و بەهیچ شێوەیەک کات درێژ ناکرێتەوە.  

دەیەم: دەستەیەکی دادوەری تایبەت بە هەڵبژاردنەکان درووت دەکرێت لە پێنج دادوەرى بێ لایەن کە هیچ کارى حزبیان نەکردبێت و ئەنجامى کۆتایى لەلایەن ئەو دەستە دادوەرییەوە  پەسەند دەکرێت.  

یانزەیەم: هەڵبژاردنى ئەو دادوەرانە لەپەرلەمانى کوردستان دەبێت و پێویستە بەڕێژەى ٢|٣ پەسەند بکرێت و دەنگیان لەسەر بدرێت.  

دوانزەیەم: دەنگدانى تایبەت و گشتیى لەهەمان رۆژدا ئەنجام دەدرێت  

سیانزەیەم: لە رێی کۆمسیۆنی عێراق و حکومەتی عێراقەوە داوا بکرێت کە هەڵبژاردن بە سەرپەرشتی نێودەوڵەتی و یونامی بێت.  

چواردەیەم: سێ مانگ پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پێویستە تۆماری دەنگدەران لە ناوى دووبارە و کۆچکردووان پاککرابێتەوە.  

تێبینى جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر یاساى کۆمیسیۆنی سەربەخۆی  هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێم”  

یەکەم: ژمارەى ئەندامان کۆمسیۆن ٩ ئەندام دەبن.  

دووەم: دەنگدان لەناو کۆمیسیۆن و پەسەندکردنى ئەنجامەکان و هەموو بڕیارێکى تر بەڕێژەى ٢|٣ پەسەند دەکرێت (واتە پێویستی بە دەنگی ٦ ئەندام هەیە).  

سێیەم: هەموو کۆمیسیارەکان دادوەر دەبن و دوور دەبن لە ئینتیماو پشک پشکێنەى حزبى.  

چوارەم: تێپەڕاندنی ئەم یاسایە و هەموارکردنەوەی یاساکە پێویستى بەدەنگى ٢|٣ى رەهای پەرلەمانی کوردستان هەیە (واتە پێویستی بە دەنگی ٧٤ پەرلەمانتار هەیە). 



PM:05:45:16/11/2021