شەپۆلێكی بارانی بەلێزمە چەند شار و شارۆچكەیەكی هەرێمی
كوردستان دەگرێتەوە و هۆشداری دروست بوونی لافاو دەدرێت.
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی ئاشکرایکرد، پێشبینی
دەکرێت درەنگانی ئەمشەو و سبەی دوو شەممە ئەگەری هەیە بارانێکی بەلێزمە لە
ناوچەکانی گەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجە و شارەزور و سیدسادق و دوکان و دەربەندیخان
و پیرەمەگرون و تەواوی ئەو ناوچانەی دەکەونە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان
بگرێتەوە.
ئاراس جەبار باسی لەوەشکرد، لە ئەنجامی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەكی
شێدار لە باشووری ڕۆژئاوای عێراقەوە كاتەكانی ئەمشەو تا سبەی ئێوارە دوو شەممە ٢٢ی
تشرینی دووەمی٢٠٢١ بەتایبەت ناوچەكانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەی
گەرمیان بەكاریگەری لاوازتر لەسەر سنوری پارێزگای كەركوك و ئیدارەی ڕاپەرین دەكەوێتە
ژێر كاریگەری شەپۆلێكی پچر پچری بارانبارین و ھەورە تریشقە، هەروەها ھەندێك كات
ئاستی بارانبارین زیاد دەكات بۆ لێزمە باران و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی لێدەكەوێتەوە
بەشێوەی كاتی و پلەكانی گەرما بەرێژەی ٢ تا ٣ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
وتیشی "کاریگەری ئەم شەپۆلەی ئێستا کاتەکانی ئێوارەی
سبەی لاواز ئەبێت و لەشەودا لە ئەنجامی بەرزی ڕادەی شێ و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما
لەبەشی ھەرە زۆری ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە بەتایبەت ناوچە
شاخاوییەکان تەم و مژ دروست ئەبێت و مەودای بینین کەمدەبێتەوە تا کاتەکانی پێش نیوەڕۆی
ڕۆژی سێ شەممە".