ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" لەبەر پاراستنی گیانی خوێندكاران و لەسەر داواكاری بەشێك لە كەسوكاری خوێندكاران، بڕیار درا دوو ڕۆژ دەوام ڕابگیرێت".
ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی زانكۆدا بەپێی ئەو دەسەڵاتەی كە پێیدراوە بەپێی ماددەی سیانزەم/ بڕگەی یەكەم/ خاڵی (٩) لە یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەبەر پاراستنی گیانی خوێندكاران و لەسەر داواكاری بەشێك لە كەسوكاری خوێندكاران، بڕیاریدا بە وەستانی تەنها خوێندنی خوێندكاران بۆ ماوەی دوو ڕۆژ.
ئاماژەی بەوەشکردوە، رۆژانی ٢٤ و ٢٥ی ئەم مانگە لە سەرجەم كۆلێژەكانی زانكۆی سلێمانی و گەڕانەوەی خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكان.
ئەمڕۆ هاوشێوەی شار و شارۆچکەکانی تری هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر و دهۆک خوێندکاران بایکۆتکردنی خوێندنیان ڕاگەیاند و دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کرد، هاوکات هەر ئەمڕۆ بارگرژی لە نێوان خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو.