پەرلەمانی كوردستان نووسینگەی خۆی لە شاری كەركوك دەكاتەوە
پەرلەمانی كوردستان نووسینگەی خۆی لە شاری كەركوك دەكاتەوەو پەرلەمانتارێكیش پێیوایە، كردنەوەی نووسینگە لەو شارە، هەنگاوی یەكەمە بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری كوردستان لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان، بە خەندانی راگەیاند: "پەرلەمانی كوردستان، بە كردنەوەی نووسینگەیەك لە شاری كەركوك، ئەو شارە دەگەڕێنێتەوە سەر كوردستان".
ئاماژەی بەوەشدا، كە لە چەند رۆژی داهاتوودا، نوسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە شاری كەركوك دەكرێتەوە و لە ئێستادا ئامادەكارییەكانی لە تەواوبووندایە.
بێستوون فایەق ئەوەشی خستەڕوو، كە بوونی نوسینگەی پەرلەمان لە شاری كەركوك ئاماژەیە بۆ بەڕەسمی گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر كوردستان.
ناوبراو وتیشی : "كردنەوەی نووسینگە، ئاماژەیە بۆ جیانەكردنەوەی كەركوك لە پارێزگاكانی تری هەرێم، چونكە پەرلەمانی كوردستان نووسینگەی لە پارێزگاكانی تری كوردستان هەیە و بوونی نووسینگەش واتا بونی پەرلەمان لەو شارە".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت : "بوونی دەزگایەكی گرنگی هەڵبژێردراوی خەڵك لە شاری كەركوك هەنگاوی یەكەمی دانەبڕینی خەڵك و خاكی كەركوكە لە كوردستان و هەنگاوی یەكەمی سەربەخۆیی كوردستانە بە كەركوكەوە".
PM:05:26:12/07/2014