شەپۆلێكی بارانبارین و بەفر روو لە هەرێمی كوردستان دەكات و چەند ڕۆژێک بەردەوامی دەبێت

کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی ھەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوھەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە، هاوکات کەشناسێکی شارەزاش پێشبیندەکات، لەم هەفتەیەدا شەپۆلێکی نوێی باران بارین و بەفر ڕوو لە هەرێم بکات و پلەكانی گەرماش بەڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزن.

بەپێی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ و سبەی ئاسمانی زۆربەی ناوچەکانی کوردستان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت، پاشان ده‌گۆڕێت بۆ هه‌وری ته‌واو، له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری بارانبارین له‌ ناوچه‌ جیاجیاكان، لەگەڵ بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییە بەرزە سنووریەکان.

هاکات لای خۆشیەوە ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجامی درێژبوونەوەی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەكی مامناوەندی دەریای ناوەراست، ئاسمانی هەرێم دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و خێرایی با لە زۆربەی ناوچەكاندا لە ئاراستەی باشوری رۆژهەڵاتەوە زیاد دەكات.

رونیشیكردووەتەوە، لە كاتەكانی ئێوارەدا شەپۆلێكی پچر پچر و مامناوەندی بارانبارین سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەكانی سنوری پارێزگای دهۆك و هەولێرەوە دەستپێدەكات و لەكاتەكانی شەودا بۆ بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە كاریگەری زیاتر دەبێت و درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەكانی سنوری ئیدارەی راپەرین و سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و بەكاریگەرییەكی لاوازیش سنوری پارێزگای كەركوك و ئیدارەی گەرمیان دەگرێتەوە.

ئاراس جەبار لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا پێشبینیش دەکات، کە لە ئەنجامی كاریگەری بارستە هەوایەكی ساردیش پلەكانی گەرما چوار تاوەكو شەش پلەی سەدی نزمدەبنەوە و شەپۆلێكی بەفر بارین لەكاتەكانی شەودا ناوچە شاخاوییە سنورییەكان دەگرێتەوە، پێشبینی دەكرێت زۆرترین رێژەی باران لەماوەی كاریگەری ئەم شەپۆلەدا لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی راپەڕیندا ببارێت.



AM:11:29:08/12/2021