پزیشكى دادوه‌رى هۆكارى گیان لەدەستدانی هاوڵاتیەکەى چه‌مچه‌ماڵی ئاشکراکرد

پزیشکی توێکار لە پزیشکی دادوەری شاری سلێمانی هۆکاری مردنی هاوڵاتییەکەی چەمچەماڵی یەکلایی کردەوە و ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و هاوڵاتیه‌ به‌هۆى ده‌رزیه‌كه‌وه‌ گیانی لەدەستداوە.

لەمبارەیەوە بەختیار رەشید قادر، پزیشکی توێکار لە پزیشکی دادوەری شاری سلێمانی بە میدیاکانی ڕاگەیاند" ئەو کەسەی لە نۆڕینگەیەکی دەرەوە دەرزییەکی بەکارهێناوە و پاش چەند خولەکێک گیانی لەدەستداوە، پاش ئەوەی توێکاریمان بۆ کرد، دەرکەوت کە هۆکارەکەی بۆ ئەو دەرزییە دەگەڕێتەوە کە بەکاریهێناوە".
 
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسە جگە لەوەی هەستیاری بە دەرزییەکە هەبووە، کەمێک لاوازی دڵیشی هەبووە و هەندێک نەخۆشی دیکەیشی لەگەڵدا بووە و ئەوانەش بوونەتە هۆی ئەوەی مردنەکەی خێرا بکەن. 
 
بەختیار رەشید ڕوونیشیکردەوە، ئەو دەرزییەی بەکارهێنراوە ئامۆکسیلین بووە، ئەم دەرزییە دژەبەکتریایە و هەموو کەسێک دەتوانێت بەکاریبهێنێت، بە دەگمەن روودەدات کە لە لەشدا کارلێک بکات.

شەوی ڕابردوو هاوڵاتیەکی تەمەن (٤٥) ساڵ لە ناحیەی شۆڕشی قەزای چەمچەماڵ دوای ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەی سەردانی نۆڕینگەیەک دەکات، لەلایەن کارمەندی نۆڕینگەکەوە دەرزیەکی لێدەدرێت و دوای چەند خولەکێک گیان لەدەستدەدات. 



PM:12:21:15/12/2021