فەرماندەیەکی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات کە ئەمڕۆ هێزەکانیان لە نزیک ناوچەی زینانە لە گەرمیان لە گۆڕێکی بە کۆمەڵی داعشدا تەرمی ١١ پۆلیسی عێراقیان بە کوژراوی دۆزیوەتەوە.
لیوا محەمەد رۆستەم جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپەی پێشمەرگە لە گەرمیان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی " سپی " رایگەیاند " ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ناوچەی دوراجی و غارە کە دوو ناوچەی جێناکۆکن، بەڵام سەر بە ناحیەی زنانەن کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدایە، تەرمی ١١ پۆلیسی عێراقی لە مۆڵگەیەکی چەکدارانی داعشدا دۆزرایەوە".
ئەو فەرماندەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لەگەڵ هێزێکی پۆلیسی فیدراڵیدا کە ئەوانیش گەیشتوونەتە ناوچەکە لە کاتژمێر ١١ ەوە تەرمی ١١ پۆلیسی عێراقیمان لەو مۆڵگەیەکی چەکدارانی داعشدا دەرکردووە.
ئەو تەرمانە دەگەرێتەوە بۆ ئەو پۆلیسانەی عێراق کە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە گیراون و کوژراون و لەم گۆڕە بە کۆمەڵەدا کراون بەژێر خۆڵەوە، لەدوا ریفراندۆمی هەرێم و پاشەکشەی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی پێش ساڵی ٢٠٠٣ کە رژێمی دیکتاتۆری نەڕووخابوو، لە دوای ساڵی ٢٠١٧ ەوە داعش سوودی لەو بۆشاییە ئەمنییەی نێوان هێزی پێشمەرگەو سووپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کردووە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بە هەماهەنگی دەستی بە کێوماڵێکی سەربازی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان کردو چەند حەشارگەی داعش تێکدراو دەست بەسەر چەندان چەکی جۆراو جۆردا گیرا.