٢٠٠ ملیار دینارەکە گەیشتە هەرێمی کوردستان

وەزارەتی دارای عێراق ٢٠٠ ملیار دینارەکەی لەیاسای بودجە بۆمانگی تشرینی دووەم، نارد بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی کانوونی یەکەم،  وەزارەتی دارایی عێراق ٢٠٠ ملیار دیناری وەک پشکی هەرێم لەیاسای بودجە بۆ مانگی تشرینی دووەم، رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد و پارەکەش خرایەسەر لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "  "دواکەوتنی ٢٠٠ ملیارەکە چەند جارێکە دووبارە دەبێتەوە کە ڕێوشوێنێکی کارگێڕیانەیە لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی عێڕاق و هەرێم."

دەشڵێت "پێموایە هیچ کێشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو کێشەیەکی تەکنیکییە، چونکە ڕێککەوتنێک هەیە لەنێوان بەغدا و هەرێم بۆ ناردنی ئەو پارەیە، سەبارەت بە وادەی ناردنی پارەکەش وەزارەتی دارایی دەزانێت و من ئاگاداری نیم." 

دەربارەی ئەوەی کە ناردنی پارەکە تا کەی بەردەوامی دەبێت، ناوبراو وتی "لە کۆتایی ساڵدا یاسای بوجەی حکومەتی عێڕاق کۆتایی دێت و تاوەکو یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ پەسەند دەکرێت، بەگوێرەی یاسای کارگێڕی مانگانە یەک لەسەر ١٢ی خەرجییەکان خەرج دەکرێن و ناوەستن، حکومەتی عێڕاقیش جیاوازی ناکات لەنێوان پارێزگاکاندا بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران."    




PM:12:44:20/12/2021