ئه‌مڕۆ پەرلەمانی كوردستان دەربارەی لافاوەكەی هەولێر كۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی ژمارە (١٣)ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی سێیەم ئەنجامبدات و تیایدا چەند پرسێک دەخرێتەڕوو، کە یەکێک لە تەوەرەکان گفتوگۆ لەبارەی ھۆکاری لافاوەکەی شاری ھەولێر و رێگە چارەسەرییەکان بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو دیاردەیە دەخرێتەڕوو. 

لە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا کە بڕیارە ئەمڕۆ دەستپێبکات، گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسانە دەکرێت: 

یەکەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەم پێشنیاز و پڕِۆژەیاسایانەی خوارەوە، بەپێی حوکمی ماددەکانی (٨٧، ٨٨، ٨٩) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان:

١ - پڕۆژەیاسای (چەک لە ھەرێمی کوردستان-عێراق).

٢ - پڕۆژەیاسای (ھەمواری یەکەمی یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٢١ یاسای وەزارەتی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان-عێراق).

دووەم: خستنەڕووی بەدواداچوونی ڕاپۆرتی لێژنەی (شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار)، سەبارەت بەھۆکاری لافاوەکەی شاری ھەولێر و رێگەچارەسەرییەکان بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو دیاردەیە.

ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان داوایان لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردبوو، کە دانیشتنێکی تایبەت بە گفتوگۆکردن بە رووداوی لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری ھەولێر سازبکرێت.



AM:10:56:22/12/2021