سێ کەس بە تۆمەتی کوشتنی ژن و مێردەکەی کەرکوک دەستگیر کران

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك ئاشکرایکرد، دوای بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری و پێكهێنانی هێزێكی هاوبەش، دوێنێ سێ تۆمەتباری هەڵهاتوو بەتۆمەتی سەربڕینی ژن و مێردەکەی کەرکوک دەستگیركران.

 

رۆژی چوارشەمە ٢٢ی کانوونی یەکەم، پۆلیسی كەركوك ڕایگەیاند "هۆكاری پشت تاوانەكە بۆ دزینی پارە و زێری قوربانییەكان بووە و یەكێك لە ئەنجامدەرانی تاوانەكە كەسی نزیكی قوربانییان بووە".

 

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیسی کەرکوکدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، کە تۆمەتباران دوای كوشتنی قوربانییان، پارە و زیڕ و، ئۆتۆمبێلەكەشیان بردوون، بەڵام دواتر ئۆتۆمبێلەكەیان لەسەر ڕێگای دوسایدی پەنجاعەلی جێهێشتبوو.

 

پۆلیسی کەرکوک دەڵێت "تۆمەتباران هاڵهاتبوون بۆ پارێزگای بەسرە و پاش پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش لەگەڵ پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی بەسڕە توانرا تۆمەتباران دەستگیر بکرێن، كە تۆمەتباربوون بە سەربڕینی ژن و پیاوێك لەنێو ماڵەكەیاندا لەگەڕەكی شۆراو".

 

ئەم ڕووداوە لە ١٨ی تشرینی دووەمی ڕابردوو ڕوویداو، هەریەك لە(عەباس فازڵ ئەحمەد) و(نور بەدر جاسم)ی هاوسەری بەشێوەیەکی دڕاندانە لە ماڵەکەی خۆیاندا كوژران.

 




AM:09:14:23/12/2021