نوێترین زانیاری لەسەر بەردەوامی ٢٠٠ ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ هەرێم


بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێم ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە لە بەغداوە بەردەوام بێت، هۆکارەکەشی دەگەرێنێتەوە بۆ کارەکانی تیمێکی هاوبەشی چاودێریی دارایی حکومەتی فیدراڵی و هەرێم لە هەولێر خەریکی وردبینین و چاوەڕوان دەکرێت پێش سەری ساڵ کارەکەیان تەواو بکەن.  

کەناڵی رووداو لە زاری بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمەوە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە رایگەیاندووە " ئەو ٢٠٠ ملیارەی چەند مانگێکە حکومەتی فیدراڵی دەینێرێت کەمترین پشکی هەرێمە، چونکە بەغدا یاسای بودجەی جێبەجێ نەکردووە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، تەنیا ٢٠٠ ملیار دیناری وەکو سولفە ناردووە".  

هەروەها باسی لەوەش کردووە " تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە هەولێرن و خەریکی وردبینین و چاوەڕوان دەکرێت پێش دەستپێکی ساڵی نوێ کارەکەیان تەواو بکەن".  

  


  

ئەوە لە کاتێکدایە کە د. فازل نەبی بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە ئەم مانگە دوا مانگە بەغدا ٢٠٠ ملیارەکە بۆ هەرێم دەنێرێت.
 دوای ئەو لێدوانە مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، "دواکەوتنی ٢٠٠ ملیارەکە چەند جارێکە دووبارە دەبێتەوە کە ڕێوشوێنێکی کارگێڕیانەیە لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی عێڕاق و هەرێم و کێشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو کێشەیەکی تەکنیکییە، چونکە ڕێککەوتنێک هەیە لەنێوان بەغدا و هەرێم بۆ ناردنی ئەو پارەیە".




PM:09:50:26/12/2021