خوێندکارانی ناڕازی هۆشداری بە حکومەتی هەرێم دەدەن

خوێندکارانی ناڕازی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان هۆشداری بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و حکومەتی هەرێم دەدەن، کە ئەگەر لە دەستپێکی خوێندندا دەرماڵەیەکیان بۆ خەرج نەکرێت دەست بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن و خۆپیشاندان دەکەنەوە.

لە راگەیەندراوی خوێندکارانی ناڕازی سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان هاتووە، ئێمە وەکو خوێندکارانی ناڕازی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان هۆشداری توند دەدەین بە لایەنە بەرپرسەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا گەر بیانەوێت بە بیانووی نۆژەنکاری داخلیەکانەوە دەرماڵەی خوێندکارەکان نەدەن، بە مافی خۆمانی دەزانین دووبارە ڕێگەی مەدەنیانە بگرینەبەر.

ئەوەش هاتووە" لەحاڵەتی گوێنەدان بە هۆشداریەکەمان، دەسپێکی دەوامی سەری ساڵی نوێمان بە دووبارە دەسپێکردنەوەی خۆنیشاندانەکان و بایکۆتکردنی تاقیکردنەوەکان دەبێت". 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا خوێندکاران داواش دەکەن، وەزارەتی خوێندنی باڵا روونکردنەوە بدات و لەبارەی ئەوەی میکانیزمی دابەشکردنی ئەو پاڵپشتیە دارایەی بەڵێندرابوو چۆنە و نیازپاکی خۆیانمان نیشان بدەن. 



AM:10:11:31/12/2021