"خەڵک کردەوەی دەوێ نەک قسەی بریقەدار"

مه‌لا به‌ختیار، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییەکانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت، " ١١ ساڵه‌ رێگه‌ی كه‌لار _ ده‌ربه‌ندیخان ته‌واو نه‌كراوه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ خه‌ڵك كرده‌وه‌ی ده‌وێت نه‌ك قسه‌ی بریقه‌دار".

 

لەو دیدارەی ناوەندی رێكخراوە دیموكراتییەكانی گەرمیان، كە ئێوارەی رۆژی چوارشه‌ممه‌ ٥ی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار ڕایگەیاند " ١١ ساڵه‌ رێگه‌ی كه‌لار _ ده‌ربه‌ندیخان ته‌واو نه‌كراوه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ خه‌ڵك كرده‌وه‌ی ده‌وێت نه‌ك قسه‌ی بریقه‌دار، سەرەڕای ئەوەی دەستكەوتێكی زۆرمان بەدەستهێناوە، كەلتورێكی ئێجگار جوانمان لەسەر مەدەنییەت، مافی ژن‌ و عەلمانییەت هەیە و لەو خەباتە مەدەنی، پیشەیی و عەلمانییەدا، هیچ حزبێك ناتوانێت شان لەشانی یەكێتی نیشتمانی بدات".

 

دەقی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی رۆژنامەوانی مەلا بەختیار بەمشێوەیە هاتووە:

 

مەلا بەختیار:


رێگەی كەلار-دەربەندیخان (١١) ساڵە تەواو نەكراوە، بەڵام لەزەمانی دەرەبەگایەتیدا، بەبڕیاری سەرۆك هۆزێك بە بێگاری بەچەند ساڵێك جادەی وا دەكرا..!


(خەڵك كردەوەی دەوێ‌.. نەك قسەی بریقەدار)


(ئەركتانە لەجەوهەرو ستراتیجی ئەم سەردەمە تێبگەن)


لەدیدارێكیدا لەگەڵ ناوەندی رێكخراوە دیموكراتییەكانی گەرمیان، مەلا بەختیار، رایدەگەیەنێت: ئەركتانە لەجەوهەرو ستراتیجی ئەم سەردەمە تێبگەن، لەناو ئەم سەردەمەشدا، گرنگتر ئەوەیە تێبگەن بزوتنەوەی مەدەنی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەعیراقدا گەیشتۆتە كوێ‌!


لەو دیدارەی ناوەندی رێكخراوە دیموكراتییەكانی گەرمیان، كە ئێوارەی ئەمڕۆ (5/1/2022) سەردانی سیاسەتمەدارو رۆشنگەر مەلا بەختیاریان كردبوو، پاش ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی دەستكەوتی رێكخراوە دیموكراتییەكان و پشتیوانییەكانی بۆ رێكخراو سەندیكاكان كرا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لەدوای راپەڕینەوە، هەرچی دەستكەوتە لەگۆڕانكاریی و لەیاساكانداو لەقازانجی چین و توێژە جیاوازەكاندا، پشكی شێری بەر مەكتەبی رێكخراوەكان و سەندیكاكای دەكەوێت و مێژووش ئەوەیە كە رویداوە، نەك ئێستا قسەی تیادا دەكەین.


راشیگەیاند: سەرەڕای ئەوەی دەستكەوتێكی زۆرمان بەدەستهێناوە، كەلتورێكی ئێجگار جوانمان لەسەر مەدەنییەت، مافی ژن‌وعەلمانییەت هەیەو لەو خەباتە مەدەنی، پیشەیی و عەلمانییەدا، هیچ حزبێك ناتوانێت شان لەشانی یەكێتی نیشتمانی بدات.

مەلا بەختیار، هێمای بۆ ئەوەشكرد، ئێوەی كادرانی رێكخراوە دیموكراتییەكان، ئەگەر بتوانن ئەو كەلتور و نەریتە كە لەرابردووەوە،

كارمان لەسەر كردووە، ئێوەش بەپێی گۆڕانكارییەكانی ئێستا ببوژێننەوە لەگەڵ ئێستادا بیگونجێنن و وتی: ئەركی خۆتان، تەنها لەئەركە حزبییەكەدا مەبیننەوە، چونكە ئەوكاتە ناوەندەكەتان لەگەڵ بارەگای هەر دەزگایەكی تر جیاوازییەكی نابێ‌، بەپێچەوانەوە، ئەركی ئێوە تەنها دەوام كردن نییە، بەڵكو دەتوانن لەهەر جێگەیەك بن ئەركە رێكخراوەیی، دیموكراسی، پیشەیی و مەدەنییەكان زۆرتر رابپەڕێنن.


لەبەشێكی تری وتەكانیدا، مەلا بەختیار، تەئكیدی كردەوە: كادر پێویستە لەسیاسەتی تازەی دونیا، لەگفتۆی نێوان زلهێزەكانی دنیا، ستراتیجە جیاوازەكان لەدنیا، لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێبگەن، چونكە ناكرێ‌ كادربیت و وەڵامی پرسیارەكان نەزانیت!.


وتیشی: هەڤاڵان ئەركتانە لەجەوهەرو ستراتیجی ئەم سەردەمە تێبگەن، لەناو ئەم سەردەمەشدا، گرنگتر ئەوەیە تێبگەن بزوتنەوەی مەدەنی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەعیراقدا گەیشتۆتە كوێ‌!


جەختیشیكردەوە: ئێستا رێكخراوی دیموكراسی لەعیراقدا، ئەركە دیموكراسییەكەی‌و پیشەییەكانی چییە، ئەركەكانی بەرامبەر مافەكانی ژن، خەباتی مەدەنی، خەبات لەبەرامبەر شیعە، سوننە، لەبەرامبەر پاشماوەكانی بیری نەتەوەیی عەرەبی، كە شۆڤێنییەت تا ئێستا بەسەریدا زاڵە، خەباتی مەدەنی لەبەرامبەر جێبەجێكردن و نەكردنی دەستورو مادەی (140)، هەموو ئەمانە ئەركێكی گرنگی خەباتی مەدەنی‌و كۆمەڵایەتی و سیاسی، نەتەوەیی و كوردستانی ئێمەیە، كە بەشی زۆری دەكەوێتە ئەستۆ و سەرشانی رێكخراوە دیموكراتییەكان.


لەكۆتایی دیدارەكەشیدا لەگەڵ ناوەندی رێكخراوە دیموكراتییەكانی گەرمیان، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئێوەی كادران پێویستە لەگەڵ ئەم سەردەم و قۆناغە، تێگەیشتنێكی ورد بۆ ساڵی نوێی (2022)و بۆ تێگەیشتن لەستراتیجی كۆمەڵایەتی و پیشەیی لەم ساڵەدا، وەك سەردەمێكی نوێ‌ هەیە.


وتیشی: رێكخراوە دیموكراتییەكان دەتوانن، بەخەباتی پیشەیی، مەدەنی، دیموكراسی راستەقینە، دوور لەئەقڵی تەسكی حزبایەتی، تاڕادەیەكی بەرچاو قەرەبووی دابەزینی جەماوەری یەكێتی لەدوا هەڵبژاردندا بكەن.


چین و توێژەكانیش، هەڵوێستی چاكسازی پیشەییان دەوێ‌، نەك كاری تیۆری پەتی. بۆ نمونە: رێگەی كەلار-دەربەندیخان، (11) ساڵە تەواو نەكراوە، لەزەمانی دەرەبەگایەتیدا، بەبڕیاری سەرۆك هۆزێك بە بێگاری بەچەند ساڵێك جادەی وا دەكرا، بۆیە خەڵك كردەوەی دەوێ‌.. نەك قسەی بریقەدار.

 




AM:11:55:06/01/2022