یەكێتی نیشتمانی
كوردستان لەدیاریكردنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق یەكلایی بوویەوە و جارێكی دیكە بەرهەم
ساڵح كاندید دەكاتەوە، بەڵام تائێستا لەگەڵ پارتی لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆیان نەكردووە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە
مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە (سپی)ی راگەیاند، ئەوان پۆستی سەرۆك كۆمار بە مافی خۆیان
دەزانن و بۆ ئەو مەبەستەش لە دیاریكردنی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری ئێستا یەكلایی
بوونەتەوە كە جارێكی دیكە كاندیدی بكەنەوە، بەڵام تائێستا لەكۆبوونەوەكاندا لەگەڵ
پارتی باسی ئەو پۆستە و كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح نەكراوە.
سەرچاوەكە روونیكردەوە،
تائێستا لەگفتوگۆكانیان لەگەڵ پارتی تەنها باسی ئەوەیان كردووە بە یەك بڕۆنە بەغدا
و هەر كاتێك قسە هاتە سەر پۆستەكان، پێكەوە دابەشی بكەن، بەڵام تائێستا باسی وردەكارییەكان
نەكراوە، واتە باسی كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە نەكراوە، بەڵام دڵنیاشن لەوەی
پارتی پێی باش نییە جارێكی دیكە یەكێتی بەرهەم ساڵح كاندید بكاتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی
بەوەكرد، ئێستا پارتی تاڕادەیەك دوودڵی پێوە دیارە هەم لەگەڵ شیعەكان و هەمیش لەگەڵ
یەكێتی و دەیەوێت لەگەڵ هەردوولا هاوتەریب بڕوات، چونكە لەموفاجەئە دەترسێت.
بڕیارە سبەینێ یەكەم
دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت كە مەحمود مەشهەدانی، وەك بەتەمەنترین
پەرلەمانتاری عێراق سەرۆكایەتی دەكات.