سەرجەم گیراوەکانی پیرەمەگروون ئازاد کران

ئەوگیراوانەی چەن ڕۆژێک لەموبەر لە سۆشیال میدیاو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دا بە جلو بەرگی پرتەقاڵیەوە بڵاوکرانەوە و چەند لێدوانێکیان لێ وەرگیرا و نیشاندران سەرجەمیان ئازادکران .

بەپێی ئەوزانیاریانەی دەست (سپی) کەوتووە، دوای پیشاندانی گەنجە گیراوەکانی پیرە مەگرون و هەموو ئەو ڕەخنانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ومیدیاکان لەسەر یان بڵاوکرایەوە، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی سەرجەم گەنجەکانی ئازادکرد لە ئێستادا هیچ کام لەو گەنجانە لە نێو زینداندا نییە، بەڵام سەرجەمیان ئاگادار کراونەتەوە بەهیچ شێوەیەک لێدوان بۆ هیچ کام لە میدیاو ڕاگەیاندنەکان نەدەن.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ساڵی ڕابردوودا خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە بەشێک لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان دەستی پێکرد و نزیکەی هەفتەیەکی خایەند هەر بە هۆی خۆپیشاندانەکانەوە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا دروستبوو بەهۆیەوە چەندین خوێندکارو کارمەندی ئەمنی بریندار بوون و چەند دامو دەزگایەکیش لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێندرا.




AM:12:04:09/01/2022