بهڕێوهبهری گشتی تهندروستی پارێزگای سلێمانی رایگهیاند، ١٠ حاڵەتی
گومانلێکراوی ئۆمیکرۆنیان رەوانەی تاقیگەی ناوەندی ی لە بەغداد کردووە، ھەفتەی
داھاتوو ئەنجامی پشکنینەکان لە بەغدا دەگەڕێنەوە.
د. سهباح ههورامی، بهڕێوهبهری گشتی تهندروستی
پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ ١٣ی کانوونی دووەم، له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی
فهیسبوك ڕایگەیاند "تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی ئۆمیکرۆن لە سلێمانی تۆمارنەکراوە، تەنها ١٠ حاڵەتی گومانلێکراوی ئۆمیکرۆنمان
رەوانەی تاقیگەی ناوەندی لە بەغدا کردووە،
ھەفتەی داھاتوو ئەنجامی پشکنینەکان لە بەغدا دەگەڕێنەوە".
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ د. سامان بەرزنجی،
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی كوردستان لەراگەیەنراوێکدا رایگهیاند، "سەرەتای
شەپۆلی چوارەم بەهێز و خێرا لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا و زنجیرەی گۆڕاوی
ئۆمیکڕۆن دەستیپێکردوە. بۆیە پێویستە ڕێكارەكانی خۆپارێزی كەسی زیاتر بكرێت،
ئاگاداری خۆتان و خانەوادە و منداڵەكانتان بن، وتیشی "گرنگترین ڕێكار وەرگرتنی ڤاكسینە لەگەڵ
دانانی ماسك، دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی و دورکەوتنەوە لەشوێنی قەرەباڵغ".