کەشناسێکی شارەزا پێشبینی دەکات، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە شەپۆلێکی تری چڕ تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ئاراس جەبار، کەشناسی دیاریی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاویکردەوە، دەڵێت " لە ئێوارەی دووسبەینێوە، چوارشەممە ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی بەفربارینەوە لە سەرچاوەی ھەردوو دەریای ناوەڕاست و دەریای ڕەش لەگەڵ کاریگەری بارستەھەوایەکی زۆر ساردی جەمسەریدا".
ئەوەش دەخاتەڕوو کە سەرەتا لە کاتەکانی ئێوارەدا سنوری پارێزگای دھۆک دەگرێتەوە و لە شەودا کاریگەریەکانی بەپێی کات دەگاتە سەرجەم ناوچەکان و تا ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە بەردەوامی ئەبێت".
ئەو شارەزایە پێشبینی ئەوە دەکات، لەو شەپۆلەدا بەھۆی زیاتر نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما پێشبینی دابەزینی ئاستی بەفربارین لە سەرجەم ئەو ناوچانەدا دەکات کە بەرزیان زیاترە لە ٣٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا".
دەشڵێت" بەفر سەنتەری شاری ھەولێر و دھۆک تەواوی ناوچەکانی دەگرێتەوە و ئەگەریش ھەیە بەتێکەڵی بەفر و باران لەسەنتەری شاری کەرکوک و ناوەراست و باشوری ئیدارەی گەرمیاندا ببارێت".
لە بارەی ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجەوە، ئاراس جەبار دەلێت "لە تەواوی ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ڕاپەرین کەش بەفربارین ئەبێت، ڕێژەی بەفرەکەش لەتەواوی ناوچە شاخاویەکانی ھەرێمدا لەنێوان ٢٠تا ٥٠ سانتیمەتر ئەبێت، لە ناوچە نزمەکانەوە بۆ سەنتەری شارەکانیش لە نێوان پێنج تا ٢٥ سەنتیمەتر ئەگەری بەفر بارین ئەبێت".