سلێمانی.. بەفرەکەی دوێنێ زەرەری بە ١٠٠ فیدەری کارەبا گەیاندووە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت کە بەفر بارینی دوێنێ زەرەری بە ١٠٠ فیدەری کارەبای گەیاندووەو تیمەکانیان سەرقاڵی چاککردنەوەیەن.

لە راگەیاندنێکدا کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، ئاشکرای دەکات کە بارینی بەفر زیانی بە زیاتر لە ١٠٠ فیدەری دابەشکردنی کارەبای سنوری پارێزگای سلێمانی گەیاندوە و تەنیا لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی ٦٧ فیدەر زیانی پێگەیشتووە و ٧ محەویلەی کارەباش سوتاوە و دوێنی ٥٠ فیدەریان چاککراونەتەوە.

ئەندازیار ئەنوەر حمە سعید، لێپرسراوی بەشی پلان لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی رایگەیاندووە" بەفربارین زیانی بە ٦٧ فیدەری کارەبای سنوری بەرێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی گەیاندوە و هەردوێنی ٥٠ فیدەریان چاککراوەتەوە و کارەبای بۆ گەڕاوەتەوە و ١٠ فیدەریان ماوە ئەمڕۆ چاک دەکرێنەوە".

سەبارەت بەهۆی لە کارکەوتنی فیدەرەکان، لێپرسراوی بەشی پلان دەڵێت" زۆربەی کێشەکان بەهۆی درەختی سەر شەقامەکان بووە و بوون بەهۆی دروستبوونی شۆرتی کارەبا و کەوتنی فیدەرەکان، کە بەداخەوە بەشی باخچەکان هاوکارمان نین لە هەڵپاچینی درەختەکان و دورخستنەوەیان لە تۆڕەکانی کارەبا و ئەوەش لەوەرزی زستاندا کێشە بۆ تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا دروست دەکەن".

هەروەها هاتووشە" لە دەرەوەی شاری سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و دوکان و چەمچەماڵ ژمارەیەک فیدەری کارەبا کێشەیان بۆ دروست بوو، تیمەکانی چاکسازیی تۆڕەکانی توانیان زۆربەیان چارەسەر بکەن و کارەبایان بۆ بگێڕنەوە".



PM:01:04:18/01/2022