لەبارەی شەپۆلی بەفربارینی ئەمشەوەوە، شارەزایەکى کەشناسی پێشبینیدەکات پلەى گەرما زیاتر دابەزێت و داواش لە هاوڵاتییان دەکات ھاتوچۆ راگرن و لەماڵەکانیان بمێننەوە.
لە بڵاوکراوەیەکدا، ئاراس جەبار شارەزایی بواری کەشناسی رایگەیاند لە ئێستادا کاریگەری شەپۆلی بەفر بارین بە چالاکبوونی با لە سەنتەری پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاویەکانیدا دەستی پێکردوە و پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی ئایندە بارستە ھەورەکان فراوانتر و زیاتر چرببنەوە لە ئاسمانی ناوچەکەدا.
ئەوەش دەخاتەڕوو کە رێژەی بارینی بەفر و خێرای با زیاتر و چالاکتر ببێت لەکاتەکانی شەودا بۆ بەرەبەیانی سبەی پێنجشەمە ٢٠-١-٢٠٢٢ سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە و تا بەرزایەکانی ٣٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا کەشەکە دەگۆرێت بۆ بەفر بارین و لەسەنتەری شاری ھەولێر و دەوروبەری بەفر بارین دەستپێدەکات و ناوچەکە سپی پۆش دەبێت .
ئاراس جەبار ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەھۆی بوونی بای چالاک لەگەڵ بەفر باریندا ھەستکردن بەسەرما زیاتر دەبێت و پلەکانی گەرماش بەزۆری لە ژێر سفر دەبن بۆیە بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ئەمشەو بۆ ئێوارەی سبەی باشتر وایە تەواوی دانیشتوانی قەزا و گوند و ناحیەکان تا سەنتەری شارەکانیش ھاتوچۆ راگرن و لەماڵەکانتان بمێننەوە تا بەدووربن لە ھەر رووداوێکی نەخوازراو.
ئەمشەو پێشبینی دەکرێت هەموو باشوری کوردستان سپی پۆش بێت و بەفرێکی زۆر لەناوچە جیاجیاکان ببارێت.