فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، سەقامگیریی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیری عێراقە و خۆشحاڵیشە بە بەردەوامی پرۆسەی دانوستاندنەكانی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا سەبارەت بە رێككەوتنی ڤیەننا.
بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دوێنێ ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن پەیوەندی بە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە كرد، هەردوولا گفتوگۆیان كرد لەبارەی كۆمەڵێك بابەتی هەستیار و گرنگ لە ناوچەكەدا. وەزیری دەرەوەی ئێران پوختەیەكی خستەڕوو لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی دانوستاندنەكانی ڤیەننا لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی و وتویەتی، هەنگاوی ئەرێنی نراون.
هەروەها وەزیری دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بۆ بەردەوامی پرۆسەی دانوستاندنەكان و هیوای خواست بگەنە رێككەوتنێكی ئەرێنی كە لە بەرژەوەندی ناوچەكە و سەقامگیری و ئاشتی جیهاندا بێت.
هەر بەپێی ئەو راگەیەنراوە وەزیرانی دەرەوە باسیان لە دۆخی ئاسایشی كەنداو و دۆخی یەمەن كردووە، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، سەقامگیریی ناوچەكە سەقامگیریی عێراقە و ئامادەن هەموو تواناكانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە توندوتیژییەكان بوەستێنن.