سەدر و بارزانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا


ئێوارەی ئەمڕۆ، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدا.

بارەگای بارزانی رایگەیاندووە، ئێوارەی رۆژی شەممە موقتەدا سەدر لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعود بارزانییەوە كردووە و جەخت لە هاوپەیمانێتیی ستراتیژی و، بەردەوامیی هەوڵەكان بۆ خێراتركردنی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی كرایەوە. بۆ ئەوەی حكومەتی داهاتوو بتوانێ بە ئەركی خۆی بەرانبەر داخوازییەكانی رۆڵەكانی گەلی عێراق و پارێزگاری لە بەرژەوەندییە باڵاكان و قووڵكردنەوەی سەقامگیری و خوشگوزەرانی هەڵبستێت.
 
پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی سەدر بۆ بارزانی دوای ئەوە دێت بڕیار بوو رۆژی دووشەممە پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆببێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەشێوەیەكی كتوپڕ رەوتی سەدر رایگەیاند، بەشداری كۆبوونەوەی دووشەممە ناكەن، شەوی رابردووش سەدر رایگەیاند، پەرلەمانتارانیان ئازادن لەوەی دەنگ بە كاندیدی پارتی بۆ سەرۆك كۆمار نەدەن ئەگەر مەرجەكانی تێدا نییە.

موقتەدا سەدر و مەسعود بارزانی و محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر رێككەوتنیان هەیە بۆ دابەشكردنی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق.





PM:08:05:05/02/2022