توێژەری دیاری کورد لەسەر پرسی پۆستی سەرۆ کۆماری داهاتووی عێراق د. شێرکۆ کرمانج دەڵێت" ئێستاش نەچووە بچێ یەکێتی دەستبەرداری د. بەرهەم ساڵح بێت و پارتیش کاندیدی خۆی بکێشێتەوە و لەسەر کاندیدێکی هاوبەش پێک بێن".
د.شێرکۆ کرمانج مامۆستای زانکۆ و نووسهر و لێكۆلهری سیاسی دیاری کورد لە نووسینێکدا بە ناونیشانی (واز لە کورد بێنن بۆ بەرژەوەندی خۆتان لەسەر کاندیدێک پێک وەرن) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی" بە چەند وشەیەک، ئێستاش نەچووە بچێ یەکێتی دەستبەرداری د. بەرهەم ساڵح بێتو پارتیش کاندیدی خۆی بکێشێتەوەو لەسەر کاندیدێکی هاوبەش پێک بێن ئەم پێشنارە نوێ نیە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە هەم پارتی هەم یەکێتی پێیانوایە کە بە سەرکەوتنی کاندیدەکەیان ئەوەی دیکە لاواز دەکەن و خۆیان سەرکەوتو دەبن، یان پێیانوایە کە تەنیا کاندیدەکەی ئەوان شانسی سەرکەوتنی هەیە".
ئەوەشی خستەڕوو، من پێموایە ئێستاش د. بەرهەم بە قەد هوشیار زێباری شانسی هەیە، ئەگەر هەموو ئەگەرەکان ڕەچاو بکەین، بۆ نمونە برادەرانی ئیتار لەگەڵ سەدر پێک بێن، کە دواجار ئەم گریمانەیە زۆر زۆر بەهێزە چونکە شیعەکان پشتی یەکدی ناشکێنن، لانیکەم تا سیستانی و ئێران چاودێر بن.
ڕوونیشیکردەوە، لەوەش ترسناکتر ئەوەیە کە سەرکەوتنی هوشیار زێباری چەندە بۆ یەکێتی زەرەری هەیە دە هێندە بۆ پارتی، دەرچوونی د. بەرهەمیش بە هەمانشێوە، بۆیە من ناڵێم کە پارتی و یەکێتی با بەرژەوەندی کورد و کوردستانیان ڕەچاو بکەن و واز لەو عینادیە بێنن، چونکە هەردووکیان ساڵانێکە کەمترین شت کە بیریان لێکردبێتەوە بەرژەوەندی گشتیی و کوردستانییە، بەڵام بۆ بەرژەوەندی خۆتان، یەکێتی و پارتی، واچاکە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش پێک بێن، چ زۆرە کاندید زۆرە.