"یەكێتی بۆ پۆستەكانی پێشوو گەنجی هەڵبژارد، بۆ سەرۆك كۆمار دەیەوێت بەتەمەنێك هەڵبژێرێت"

لەدوای هەڵبژاردنی 30ی نیسانەوە ئاراستەیەكی سیاسی لەنێو رێكخستنەكان‌و كەوادری یەكێتیدا زاڵ بوو كە گەنج دابنێن بۆ پۆستە حكومی‌و حیزبیەكان، بەڵام سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت "پێدەچێت یەكێتی ئەمجار بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كەسێكی بەتەمەن دابنێت".

لەدوای هەردوو هەڵبژاردنی ئەیلولی 2011‌و نیسانی 2014 یەكێتی نیشتمانی لەزۆربەی پۆستەكان كەودری گەنجی خۆی دانا، هاوشێوەی "قوباد تاڵەبانی، د. یوسف گۆران، خالید دۆسكی، د. رێكەوت حەمە رەشید، بێگەرد تاڵەبانی..."، بەڵام بەپێی لێدوانی چاودێرێكی تایبەتی سیاسی بۆ سپی میدیا، پێدەچێت ئەمجارە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كەسێكی بەتەمەن دابنرێت.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەكەی سپی، ماوەی دوو هەفتەیە لەنێو مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتیدا گفتوگۆ لەسەر دانانی كەسێك دەكرێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەوانە "د. بەرهەم ساڵح، د. نجمەدین كەریم، عەدنان موفتی‌و د. فوئاد مەعسوم"، بەڵام بەهۆی هەبوونی هێڵێكی سوور لەلایەن هێرۆ ئیبراهیم لەسەر بەرهەم ساڵح‌و وەرنەگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن عەدنان موفتی، ئێستا ململانێ لەنێوان د. فوئاد مەعسوم‌و د. نجمەدین كەریم مابێتەوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە‌و بەو پێیەی بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هێڵی سووری لەسەر د. نجمەدین هەیە، پێدەچێت پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ د. فوئاد مەعسومی تەمەن 76 ساڵ بمێنێتەوە.

ئەمە لەكاتێدایە كە لەسەردەمی دانانی قوباد تاڵەبانی‌و وەزیرەكانی یەكێتی، ژمارەیەكی بەرچاو لە كادیرانی یەكێتی لەیاداشتێكدا كە لەمیدیاكان بڵاوكرایەوە داوایانكرد گەنجان بهێنرێنە پۆستە حكومییەكان.

سەرچاوەكەی سپی میدیا پێیوایە پێدەچێت ئەمجارە یەكێتی لەسەر بەتەمەنترین كاندیدی خۆی بنیشێتەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، كە ئەویش د. فوئاد مەعسومە.




PM:02:37:19/07/2014