پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ پارتی كاندیدە نوێیەكەی لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پێشكەشكردووە نەك لە هۆبەی یاسایی.
محەمەد ئیسماعیل، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، پێدەچێت سبەی دادگای فیدراڵی عێراقی ئەو بڕیارەی محەمەد، حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵوەشێنێتەوە بە درێژكردنەوەی وادەی خۆكاندیدكردن بۆ جاری دووەم (كە ئەمڕۆ دوایین وادە بوو).
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، هەر بۆیە ئەمڕۆ پارتی كاندیدە نوێیەكەی لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پێشكەشكردووە نەك لە هۆبەی یاسایی، بۆ ئەوەی گەر سبەی ئەم وادە درێژكردنەوەیە هەڵوەشایەوە ئەوا پارتی بەهیچ شێوەیەك باسی پێشكەشكردنی كاندیدە نوێیەكە نەكات و نەبێتە دۆڕاو بۆ جاری دووەم.
محەمەد ئیسماعیل دەڵێت "ئەگەر سبەی دادگای فیدراڵی ئەو بڕیارە بدات ئەوا تەنها كاندیدی یەكێتی و نەوەی نوێ دەمێننەوە لە كاندیدە دیارەكانی لایەنە سیاسییەكاندا".
پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ وتویەتی "هەرچی تایبەتە بە پارتی، ئەوا لەم حاڵەتەدا دوو ئەگەری لەبەردەمدایە، یان ئەوەی لەگەڵ یەكێتی رێك بكەون لەسەر كاندیدی دووەمی یەكێتی (كە ئەمە لە ئێستادا بۆ یەكێتی رەنگە زەحمەت بێت)، یاخود پشتیوانی حاكم رزگار بكەن و وەك كاندیدی پارتی بیناسێن و سێ كوچكەی براوە (سەدر ، حەلبوسی ، بارزانی) دەنگی بدەنێ".
ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی یەكجاری هۆشیار زێباری كاندیدی سەرۆكی پارتی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق.