كاندیدانی سەرۆك كۆمار گەیشتنە 60 كەس


بەرپرسێك لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، تائێستا 60 كەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید كردووە و تائێستاش وادەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیارینەكراوە.

بەیدا خزر، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقییەی راگەیاندووە، كاتێك بۆ یەكەمجار دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ سەرۆك كۆمار كرایەوە، 24 كەس خۆیان كاندید كرد، پاش ئەوەی بۆ جاری دووەم دەرگای خۆكاندیدكردن كرایەوە و لە ماوەی سێ ڕۆژدا ژمارەی كاندیدەكان گەیشتە 60 كەس.  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، پرۆسەی وردبینی بۆ كاندیدەكان لەلایەن لیژنەی یاسایی پەرلەمانەوە دەكرێت، پاشان لیژنەیەكی تری تایبەتمەند دروستدەكرێت بۆ پێداچوونەوە بە ناوەكان، دواتر دەنێردرێن بۆ دەستەی دەسپاكی و لەوێوە بۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری.  

بەوتەی خزر، تائێستا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق وادەی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری دیاری نەكردووە.  

بەپێی رێككەوتنی سیاسی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كورد و لەنێویشیان یەكێتییە، بەڵام بۆ ئەم خولەی ئەمجارە پارتی دیموكراتی كوردستانیش داوای ئەو پۆستە دەكات، بۆیە ئەمجارە یەكێتی بەرهەم ساڵحی كاندیدكردۆتەوە، پارتیش هۆشیار زێباری كاندیدكردبو، بەڵام دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی زێباری رەتكردەوە، ئەمڕۆ پارتی، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید كرد.




PM:10:24:14/02/2022