فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێویستە گرێبەستی نەوت و غاز هەیە لە هەرێم و لە تەواوی عێراق ئاشكرا بكرێن، حكومەتی هەرێمی كوردستان گوێ لە خەڵك و ئۆپۆزسیۆن بگرێت كە بەردەوام داوای شەفافیەت و سەرەوەری یاسا و دەرهێنانی كەرتی وزە دەكەن لەدەستی دوو حزبی دەسەڵات.
فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، دوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، بەلایانەوە گرنگە یاسای نەوت و غاز و داهاتوی ئەم مەلەفە خزمەتی شەفافیەت و هاوڵاتییان بكات و، هەرچی گرێبەستی نەوت و غاز هەیە لە هەرێم و لە تەواوی عێراق ئاشكرا بكرێن و هیچ گرێبەستێك بە نهێنی نەمێنێتەوە، تەنانەت گەر پێویست بكات ئەوا پێداچونەوە بەم گرێبەستانەدا بكرێت، بە جۆرێك كە خزمەتی تەواوی هاوڵاتییان هەرێم و عێراق بكات نەك خزمەتی گروپ و حیزب و كۆمپانیاكان بكات و هاوڵاتییانیش تەنها بەشێكی زۆر كەمیان بەربكەوێت.
نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەكردووە، گرنگە داهاتی نەوت لە تەواوی عێراقدا شەفاف بێت و لایەنی چاودێری هەبێت بەسەر داهاتەكەوە، بە جۆرێك كە داهاتی نەوت و غاز بێتە خزمەتی خەڵكەوە و هەروەها داهاتەكە بە رونی دیار بێت. نەك ئەم داهاتە برواتە خزمەتی حیزب و گروپ و كۆمپانیاكانەوە و نەك تەنها بەشێكی كەمی بگەرێتەوە بۆ خەڵك.
فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەڵێت، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان گوێ لە خەڵك و ئۆپۆزسیۆن بگرێت كە بەردەوام داوای شەفافیەت و سەرەوەری یاسا و دەرهێنانی كەرتی وزە دەكەن لەدەستی دوو حزبی دەسەڵات، چونكە گوێ نەگرتنیان لە ئۆپۆزسیۆن و بەردەوامیان لەسەر ئەم سیاسەتەی ئێستایان هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی رووبەڕووی كێشەو نەهامەتی زۆرتر دەكاتەوە.